عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وەڵامی قسەکانی دوێنێی ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕایگەیاند کە “دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوو، هیچ ئەنجامێکی جگە لە شکستێکی دیکە بۆیان نابێت.” گرۆسی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی سویسی “لو تامپ” (Le Temps) سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گوتبووی: “ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت، دەترسم جارێکی دیکە پەنا بۆ زۆر ببرێت.”
عەباس عێراقچی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی گرۆسی، گوتی: “نازانم ئەو ئەم قسەیەی لەسەر نیگەرانی کردووە یان هەڕەشە، بەڵام ئەوانەی کە هەڕەشەی لەم شێوەیە دەکەن، دەبێت بزانن دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوو، هیچ ئەنجامێکی جگە لە شکستێکی دیکە بۆیان نابێت.”
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی، لە وەڵامی گرۆسیدا ڕایگەیاند: “پێدەچێت بەڕێز گرۆسی لەبیری کردبێت کە ئەگەر پابەندی بنەما تەکنیکی و پیشەیییەکانی خۆی بووایە، نە جەنگێک دروست دەبوو و نە متمانەی گەلان زیانی پێدەگەیشت.”
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی بێلایەنیی ئەم دامەزراوەیە و دەڵێن ڕاپۆرتە مەبەستدارەکانی ئەو بوونەتە هۆی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
گرۆسی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ “لو تامپ”، ئاماژەی بە زیانە قورسەکانی فۆردۆ و نەتەنز کرد و گوتی، هەرچەندە ترەمپ باسی “وێرانکردنی” ئەم دامەزراوانەی کردووە، بەڵام “زانستی تەکنیکیی ئێران لەناو نەچووە.” بە گوتەی ئەو، سەرەڕای ئەم هێرشانە، سانتریفیوژەکانی ئێران کە دەوڵەمەندکردنی یۆرانیۆمی پێیان دەکرێت، توانای نۆژەنکردنەوەیان هەیە.
هەواڵی داهاتوو

