zagros news agency

کۆشکی سپی داوا لە کۆنگرێس دەکات یاسای قەیسەر لەسەر سووریا هەڵبگرێت

 

کۆشکی سپی فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆنگرێس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر سووریا ماوەتەوە، کە بەپێی یاسای پاراستنی مەدەنی قەیسەر سووریا توندترین سزاکانن.

پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەفەرمانێک زۆرینەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام توندترین سزاکان کە سووریایان لە ئابووری جیهان دابڕاندووە، ئەو سزایانەن کە بە پێی یاسای قەیسەر دەرکراون و پێویستیان بە کۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان.

بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێس بە ئەلمۆنیۆری گوت: بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بەتەواوی بۆ کۆنگرێس ڕوونکردووەتەوە، کە هەڵوێستی فەرمی ئیدارەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان و یاسای قەیسەرە.

سەرچاوەیەکی دیکەی کۆنگرێس ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا پەیوەندی بە یاسادانەرانی باڵای کۆمارییەکان کردووە و داوای لێکردوون پاڵپشتیی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکانی یەکخستووە، کە سیناتۆر جین شاهین، لەبەری دیموکراتەکان و جۆ ویڵسنی کۆمارییەکان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەکەن.

لە واشنتن هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل هەن، داوای مانەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکەن کە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر ئیسرائیل و پێکهاتەکانی عەلەویی و دروزەکان دەزانن.

‘یاسای قەیسەر’ یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکا دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سزادا، له‌لایه‌ن وڵاته‌ گه‌وره‌كانی دنیا كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌

سەڵاح

ئیلۆن ماسك پارتی “ئەمریكا” دادەمەزرێنێت

سەڵاح

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

سەڵاح