zagros news agency

دۆناڵد ترەمپ سەرکردەکانی پێنج وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست بانگهێشتی کۆشکی سپی دەکات

 

ئاژانسی هەواڵیی فڕەنسا (AFP) ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بڕیارە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا میوانداریی سەرکردەکانی پێنج وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست بکات. سەرۆککۆمارەکانی قرغیزستان و کازاخستان هەواڵی سەردانەکەیان بۆ واشنتن پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام وڵاتانی دیکە هێشتا هەڵوێستی خۆیان ڕانەگەیاندووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆککۆماری کازاخستان، قاسم جۆمارت تۆقایێڤ، بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیە لە ٦ی نۆڤەمبەر لە واشنتن بە بانگهێشتی سەرۆککۆمار ترەمپ بەڕێوە بچێت. هاوکات، ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی ئۆکتۆبەر، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی قرغیزستان ڕایگەیاندووە کە سەرۆککۆمارەکەیان لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبێت.

وڵاتانی تاجیکستان، ئۆزبەکستان و تورکمانستان، کە لە هاوپەیمانەکانی دیکەی مۆسکۆن، تا ئێستا هەڵوێستی خۆیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشداریی خۆیان ڕابگەیەنن. هاوکات، کۆشکی سپیش تا ئێستا لەبارەی ئەم بابەتەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

ئاسیای ناوەڕاست، کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان، بە شێوەیەکی نەریتی لەژێر کاریگەریی ڕووسیادا ماوەتەوە، بەڵام ئێستا وا دیارە لە نێوەندی ڕکابەریی ئەم وڵاتە لەگەڵ چین، ئەمریکاش پێی خستووەتە ئەم ناوچەیە. ڕۆژاوا بۆ ماوەیەکی درێژ، ئاسیای ناوەڕاستی بە ناوچەیەکی نەریتیی ڕووسیا دەزانی کە لە نێوەندی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە مۆسکۆوە فەرمانی وەردەگرت. دوای ئەوەش وەک حەوشەی پشتەوەی مۆسکۆ مایەوە. بەڵام لەدوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، ئێستا ئەم ناوچەیە شایەتیی هاتووچۆی دیپلۆماسیی بێوێنە بووە.

وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، لە کاتێکدا کە هاوپەیمانی ڕووسیا هەژمار دەکرێن، هاوکات پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ چین دروست کردووە و ئێستا وا دیارە ئەم پەیوەندییە لەگەڵ ئەمریکاش لە دروستبووندایە. ئەم ناوچە وشکانییە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەسە، چینی هانداوە تا “ڕۆڵی مێژوویی خۆی وەک چوارڕێیانی بازرگانی” تێیدا زیندوو بکاتەوە. تەنها ئەمساڵ، سێ کۆبوونەوەی ناوچەیی لە نێوان ئەم پێنج وڵاتەی ئاسیای ناوەڕاست لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، چین و ڕووسیا بەڕێوە چووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بكوژی هاووڵاتییەكەی هەولێر دەستگیر كرا

یاسین

هەڵەبجە… سوپاس و پێزانین بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی

سەڵاح

هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی ئامەد و مێردین ئاشكرا ده‌كرێت

سەڵاح