zagros news agency

سەرۆکی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع، لە گەشتێکی مێژووییدا گەیشتە ئەمریکا

 

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، لە گەشتێکی فەرمیی و مێژووییدا گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم گەشتە تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ناوی شەرع لە لیستی تیرۆری ئەمریکا لابرا. بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی تشرینی دووەم، ناوبراو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆببێتەوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا هەواڵی گەیشتنی ئەحمەد شەرعی، سەرۆکی کاتیی سووریا، بە ئەمریکا لە گەشتێکی فەرمیدا ڕاگەیاند.
ڕۆژی هەینی ٧ی تشرینی دووەم، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوی شەرعی لە لیستی تیرۆری خۆی لابرد، کە پێشتر لە سەرکردەکانی گرووپی “هەیئەت تەحریر شام” و پێش ئەوەش سەر بە تۆڕی قاعیدە بوو. ڕۆژی پێنجشەممەش ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو سزایانەی هەڵگرت کە بەسەر ناوبراودا سەپێنرابوون. شەرع، کە پێشتر بە ناوی ئەبوو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، بەهۆی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ قاعیدە لە لیستی سزاکانی نێودەوڵەتییدا بوو.
بە گوتەی تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بڕیارە شەرع لەم دیدارەدا ڕێککەوتننامەیەک بۆ بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا واژۆ بکات.
جگە لەوە، بە گوتەی دیپلۆماتکاران، ئەمریکا بەنیازە بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا دابمەزرێنێت.
ئەحمەد شەرع یەکەم سەرۆکی سووریایە کە سەردانی کۆشکی سپی دەکات. ناوبراو هیوادارە لەم دیدارەدا بتوانێت یارمەتیی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت کە بەهۆی چەندین ساڵ جەنگی ناوخۆییەوە وێران بووە.
گرووپی ئیسلامیی “هەیئەت تەحریر شام” (HTS) بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٣) توانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، حاکمی دێرینی سووریا، بڕووخێنێت. ئەم گرووپە پێشتر بە لقێکی قاعیدە دادەنرا کە دواتر لەم تۆڕە تیرۆریستییە جیا بووەوە. شەرع لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆکی سووریا هەوڵی داوە وێنەیەکی میانڕەوتر لە خۆی نیشان بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵوێزی ڤەنزوێلا لە عێراق دەکات

یاسین

ڕاگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە

یاسین

سبەی هەورە برووسکە دەست پێ دەکات و تاوەباران و بارانی بەخۆر دەبارێت

سەڵاح