کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، میکانیزمی یەکلاکردنەوەی سکاڵا و تانەکان پێش پەسەندکردنی کۆتایی ناوی براوەکان ئاشکرا دەکات.
نەبراس ئەبو سوودە، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: “پڕۆسەی دابەشکردنی کورسییەکان و دیارکردنی براوەکان بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت پێش راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان.”
روونی کردەوە کە “کۆمیسیۆن یەکەمجار کار لەسەر یەکلاکردنەوەی سکاڵا پێشکەشکراوەکان دەکات، جگە لە چارەسەرکردنی ئەو وێستگانەی کە ئەنجامەکانیان لە شەش کاتژمێری یەکەمی داخستنی سندووقەکانی دەنگدانەوە نەناردووە، کە پێویست بوو لەڕێگەی نێوەندی گواستنەوەوە بگەن.”
ئاماژەی بەوەدا کە “ئەنجامە سەرەتاییە راگەیەنراوەکان شیاوی تانەلێدانن و دوای ئەوە مامەڵە لەگەڵ تانەکان دەکرێت و لەلایەن کۆمیسیۆن و دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانەوە یەکلا دەکرێنەوە.
روونی کردەوە کە “دوای ئەوە دەستەی دادوەری تەواوبوونی گشتی لە هەموو تانەکان رادەگەیەنێت و بەفەرمی کۆمیسیۆن له تەواوبوونی ئەم قۆناغە ئاگادار دەکاتەوه.”
راشیگەیاند: “دوای ئەوە کۆمیسیۆن ئەنجامە کۆتاییەکان بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەنێرێت بۆ پەسەندکردن. ئەنجامەکان کە بۆ دادگا بەرز دەکرێنەوە ناوی براوەکان لەخۆدەگرێت و ژمارەیان دیار دەکات کە 329 پەرلەمانتارە. ئەم بابەتە ماوەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو هەنگاوانەوه هەیە کە دەبێت تەواو بکرێن.”

