zagros news agency

ئێران سەبارەت بە سێ دوورگەی کێشە لەسەر سەرکۆنەی ئیمارات و چین دەکات

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، بانگەشەی خاکیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی لەسەر سێ دوورگەی تەنبی گەورە، تەنبی بچووک و ئەبوو مووسای لە بەیاننامەی کۆتایی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی چین بۆ ئیمارات سەرکۆنە کرد. ئەم لێدوانەی بەقایی دوای بەیاننامەیەکی هاوبەش هات کە لە پاش کۆبوونەوەی وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، لەگەڵ هاوتای ئیماراتییەکەی لە ئەبوو زەبی بڵاو کرایەوە.
لەو بەیاننامەیەدا، چین جارێکی تر پشتیوانیی خۆی بۆ “هەوڵە ئاشتییانەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ چارەسەرکردنی پرسی سێ دوورگەی تەنبی گەورە، تەنبی بچووک و ئەبوو مووسا لە ڕێگەی گفتوگۆی دوولایەنە بەپێی پەیڕەوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان” دووپات کردەوە. لە بەرانبەردا، ئیمارات پابەندبوونی خۆی بە بنەمای “یەک چین” و ئەوەی کە تایوان بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی چینە، پشتڕاست کردەوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، “سەرلێشێواویی” ئیماراتی لە سوودوەرگرتن لە ئامادەبوونی هەر شاندێکی دیپلۆماسی لەم وڵاتەدا بۆ ورووژاندنی بانگەشەی خاکی دژی ئێران سەرکۆنە کرد.
پێشتر، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی کانوونی یەکەم، لە کۆتایی چل و شەشەمین کۆبوونەوەی سەرانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە جارێکی تر جەختی لە “مافی سەروەریی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەسەر ئەم سێ دوورگەیە کردەوە. ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەیان ساڵە بانگەشەی خاوەندارێتی لەسەر ئەم دوورگانە لە ئاوەکانی کەنداوی فارس دەکات، و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبیش، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی زیادبوونی گرژیی سیاسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، پشتیوانیی ئەم بانگەشەیە دەکەن. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چین، ڕووسیا و یەکێتیی ئەوروپاش بوونە پاڵپشتی هەڵوێستی ئیمارات و ئەمەش پەرچەکرداری توندی ئێرانی بەدوادا هات.

هەواڵی پەیوەندیدار

هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە چۆڵکردنی گەورەترین بنکەیان لە رۆژئاوا

سەڵاح

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە

سەڵاح

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانیی (ڕووناکی) تایبەت بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری پەسەند کرد

یاسین