ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـ12-2025، گرووپێکی هاککەر لە فەڕەنسا بەرپرسیارێتی خۆیان لە هاککردنی زانیاری و داتای زیاتر لە 16.4ملیۆن کەس ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەنجامدانی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستەمەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
لەلایەن خۆیەوە لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، دانی بەوەدا نا کە وەزارەتەکەی ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بووەتەوە، بەڵام ڕەتیکردەوە دزەکردنەکە “گەورە” بێت و ئاماژەی بەوە دا کە هاککەرەکان تەنها دەستیان بە هەندێک فایلی ناوخۆیی گەیشتووە.
لە بەرامبەردا، هاککەرەکان لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆیان بەدرۆ خستەوە و جەختیان کردەوە کە توانیویانە بچنە ناو هەستیارترین بەشەکان، لەوانە:
• تۆمارەکانی پۆلیس و خزمەتگوزاریی پۆستی حکومی.
• لیستی داواکراوان و داتابەیسی تۆمارە تاوانکارییەکان (کە زانیاریی قوربانیان و شایەتحاڵەکانی تێدایە).
• کەناڵەکانی پەیوەندیی ئینتەرپۆل.
• بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارایی و سندوقی بیمەی پیران.
هێرشبەرەکە کە ناوی خوازراوی “ئیندرا”ی لە خۆی ناوە، ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشە وەک تۆڵەسەندنەوەیەکە لە دەستگیرکردنی ئەندامانی گرووپی هاککەری “شاینی هانتەرز” (ShinyHunters).
هاوکات هاککەرەکان مۆڵەتی هەفتەیەکیان داوەتە حکومەتی فەڕەنسا بۆ دەستپێکردنی دانوستان، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە تەواوی داتا دزراوەکان بڵاودەکەنەوە.

