سەرچاوەیەکی پزیشکی لە سریلانکا ڕایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و پێکدادان لە زیندانێکی دەرەوەی کۆلۆمبۆی پایتەخت، لانی کەم 19 زیندانی و 4 پاسەوان کوژراون.
بوشبا غاملات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی “نیگۆمبۆ” بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دوای ڕووداوەکە، زیاتر لە 100 زیندانیی بریندار ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە برینی بەشێکیان بەهۆی گولـلـەوە بووە.
بەرپرسانی زیندانەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئاڵۆزییەکە لە نێوان دوو گرووپی ڕکابەری قاچاخچییانی ماددەی هۆشبەردا دروستبووە. زیندانەکە نزیکەی 10 هەزار زیندانی تێدایە و بە گوتەی سەرچاوەیەکی پۆلیس، دۆخەکە بە تەواوی لە کۆنترۆڵ دەرچووە و پاسەوانەکانیش لە کاتی هەوڵدانیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کوژراون.
هێزە تایبەتەکانی پۆلیس وەک هاوکاری ڕەوانەی دەرەوەی زیندانەکە کران، بەڵام نەچوونە ژوورەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی زیندانیان لە سریلانکا گەیشتووەتە زیاتر لە 41 هەزار کەس، ئەمەش چوار هێندەی توانای ڕاستەقینەی زیندانەکانی ئەو وڵاتەیە.

