ڕۆژنامەی (زە ناشناڵ)ی ئیماراتی کە بە زمانی ئینگلیزی لە ئەبوو زەبی دەردەچێت، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو کردووەتەوە و تیادا باسی لەوە کردووە کە ناوچەکە شایەدیی “دەستپێکی کۆتایی سەردەمی میلیشیاکانە” و ئەم گۆڕانکارییەش لە عێراقەوە ڕوو دەدات.
لەو ڕاپۆرتەدا ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەستپێکی ئەم جووڵانەوەیە ڕەنگە لە عێراقەوە دەستی پێکردبێت، بە مەبەست یان بەبێ مەبەست، لە ئاماژەیەکدا حکوومەتی عێراق هەریەک لە حزبوڵای لوبنان و حووسییەکانی خستە (لیستی تیرۆر)ەوە و پاشان لە ماوەیەكی نزیکدا، پاشگەز بووەوە لەو بڕیارە.
ڕۆژنامەکە هەروەها ڕوونیشی کردووەتەوە: “هیچ گومان لەوەدا نیە خستنە لیستی تیرۆری لەناکاو بۆ حزبوڵا و حووسییەکانی یەمەن لە عێراق، هەڵەیەکی تەکنیکی نەبووە، چونکە کەس بە شێوەیەکی هەڵە دوو گرووپ لە گرنگترین گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران ناخاتە ناو سەبەتەی پۆلێنکردنی تیرۆرەوە.”
سەبارەت بە خستنە لیستی تیرۆری حزبوڵا و حووسییەکان و پاشگەزبوونەوەی عێراق، ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە: “شتێک بە دڵنیاییەوە لە بەغدا ڕوو دەدات، چونکە هەر هەنگاوێک کە پەیوەندیی بە میلیشیا چەکدارەکانەوە هەبێت، بارگرانیی سیاسیی خۆی هەڵدەگرێت”. یەکێک لە دیپلۆماتكارەكان گوتوویەتی: “هیچ شتێک بەم قەبارەیە هەرگیز ڕوو نادات، بەبێ ئەوەی پلان و ڕێڕەوێکی سیاسیی نەبێت.”
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەندێک پێیانوایە ئەم هەنگاوە وەک “باڵۆنی تاقیکردنەوە” بووە، کە ئاشکرا کراوە بۆ ئەوەی بزانرێت کێ دەترسێت یان پەلە دەکات بۆ بەرگریکردن لە حزبوڵا و حووسییەکان.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆتاییهێنان بە پێگەی ئێران و میلیشیاگەری له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندیی بە خواستێکی ناوچەییەوە هەیە.
ڕاپۆرتەکە ڕوونیشی دەکاتەوە: “دوای دەیەیەک لە دەسەڵاتی میلیشیاکان کە سیاسەتی نیشتمانی دیاری دەکەن و وڵاتەکان بەرەو جەنگەکان ڕادەکێشن. لەگەڵ گۆڕینی پایەکانی جیۆسیاسیی ناوچەکە، وڵاتەکان هەوڵ دەدەن دەسەڵات بگەڕێننەوە بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و میشلیاکان چەک بکەن.”

