پەیوەندییە گشتییەکانی ڕێکخراوی فریاگوزاری و ڕزگارکردنی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، بە ئاماژەدان بە ناسەقامگیری بارودۆخی کەشوهەوا لە دەڤەرە شاخاوییەکان، هۆشداری دا لەبارەی مەترسییەکانی سەرکەوتن لەم بارودۆخانەدا.
ئەمیرحوسێن خان، سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەم ڕێکخراوە، ڕایگەیاند بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوای زاڵ بەسەر بەرزاییەکانی وڵاتدا، شاخەوانان و گەشتیارانی سروشت دەبێت بە جددی خۆیان بەدوور بگرن لە ئەنجامدانی سەرکەوتن، بەتایبەتی سەرکەوتنە تاکەکەسییەکان بۆ بەرزاییەکان.
ناوبراو داوای لە شاخەوانان کرد پێش هەر بەرنامەیەکی سەرکەوتن، دڵنیابن لە وەرگرتنی هەماهەنگی و زانیاری پێویست لە فیدراسیۆنی شاخەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییز و زستاندا، هەواڵەکان لەبارەی ونبوونی شاخەوانان لە کاتی سەرکەوتن بڵاو دەبنەوە و دوای ئەوە تیمەکانی فریاگوزاری بۆ چەند ڕۆژێک سەرقاڵی دۆزینەوەیان دەبن.
لە نوێترین ڕووداودا، ڕۆژی هەینی ٢١ـی ئازار/کانوونی یەکەم، شاخەوانێک بە ناوی تاھیرە حاسڵی، لە کاتی سەرکەوتن بۆ چیای دەماوەند ون بوو و ڕۆژی سێشەممەی هەمان هەفتە، تەرمی بێگیانی لە لایەن هێزەکانی فریاگوزاری و ڕزگارکردنەوە دۆزرایەوە.
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، گوتت: “بڕیاری شاخەوانان بۆ شاخەوانی و سەرکەوتن لە بارودۆخی ناسەقامگیری کەشوهەوادا، ناپڕۆفیشناڵانەیە. زۆربەی ئەم کەسانە وا گومان دەبەن بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانیان، لە هەر بارودۆخێکدا لە مەترسی و ڕووداوە ناخۆشەکان پارێزراو دەبن و ڕووداوی مەترسیدار ناتوانێت بۆیان ڕوو بدات. لەم دڵنیاییە زیاد لە پێویستەدا، شوێنی وریایی بەتاڵە.”

