ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ هونەرمەند پەیوەند جاف و گرووپی کیژانی سنە، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی هونەری موزیکی کوردی کردەوە و ئامادەیی پارێزگاکەشی بۆ هەر هاوکاری و ئاسانکارییەک دەربڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە هونەرمەند پەیوەند جاف کرد.
لە دیدارەکەدا، پەیوەند جاف کورتەیەکی لەبارەی دوایین کار و چالاکییە هونەرییەکانی پێشکەش کرد، بەتایبەت ئەو کارانەی لە دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون. لای خۆیەوە پارێزگاری هەولێر دەستخۆشیی لە کارە هونەرییەکانی کرد و رایگەیاند کە پارێزگای هەولێر ئامادەیە بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و ئاسانکارییەک بە مەبەستی سەرخستنی پڕۆژە هونەرییەکانی.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، ئومێد خۆشناو پێشوازیی لە “گرووپی کیژانی سنە” کرد. پارێزگاری هەولێر وێڕای بەرزنرخاندنی کارە هونەرییەکانیان، بەخێرهاتنی کردنی بۆ هەولێری پایتەخت و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، دواتریش ئەندامانی گرووپەکە کورتەیەکیان لەبارەی بەرهەمە هونەرییەکانی خۆیان باس کرد.
لە هەردوو دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هونەرمەندان و چۆنییەتی گەشەپێدانی موزیکی کوردی کرا. هەروەها جەخت لە پێویستیی بایەخدانی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی هونەرمەندان و بەردەوامبوونی داهێنانی هونەری لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.

