بەسرە: کۆدەنگیی سیاسی بۆ گۆڕینی پارێزگاکە بۆ قەوارەیەکی کارگێڕیی
ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر دەستپێکردنی ڕێکارەکانی گۆڕینی پارێزگاکە بۆ “هەرێمی بەسرە” بدەن، کە بەپێی لێدوانی بەرپرسان، ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕانکارییەکی کارگێڕییە و جیابوونەوە نییە لە عێراق.
عیماد موتەوڕی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە، ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە کۆدەبنەوە و تەواوی ئەندامانیش ئامادە دەبن، بۆ دەنگدان لەسەر ئەم پڕۆژەیە.
گوتیشی، ئەم هەنگاوە جیابوونەوە نییە لە عێراق، بەقەدەر ئەوەی گۆڕانکارییەکی کارگێڕییە کە مافەکانی بۆ پارێزگاکە دەگەڕێنێتەوە.-
موتەوڕی جەختی لەسەر بوونی تەوافوقی سیاسیی ناو ئەنجومەن لەسەر دۆسیەکە کردەوە و ڕوونی کردەوە، داواکاریی فەرمی پێشکەشکردنی پڕۆژەکە لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکاندا لە هەفتەی داهاتوودا ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.
جوڵە و پشتیوانیی سیاسی
ئەم هەنگاوە دوای جموجوڵێکی چڕی ئەندامانی ئەنجومەن دێت بۆ کۆکردنەوەی واژۆ، بەتایبەتی بە بەشداریی هاوپەیمانیی “تەسیم” کە ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە سەرۆکایەتی دەکات.
ئوسامە عەبدولڕەزا سەعد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، بە فەرمی پێشنیاری کاراکردنی دۆسیەکەی کردووە و داوای کردووە بڕیارەکانی پێشووی پەیوەندیدار بە هەرێمی بەسرە پشتڕاست بکرێنەوە، هەروەها داوای لە سەرۆک وەزیران کراوە کە پڕۆژەکە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بنێرێت.
هەروەها بڕیار دراوە بەشی یاسایی ئەنجومەن یان نووسینگەی یاسایی دەرەوە ڕاسپێردرێت بۆ بەدواداچوونی داوا یاساییەکانی تایبەت بەم بابەتە.

