محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی مۆڵەتی خوێندن بۆ فەرمانبەران، هاوکات بڕیاری فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە “زیادەکانی” دەوڵەتی دەرکرد.
ئەم بڕیارانە بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران هاتووە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە بڕیارەکان لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران لە رێککەوتی ٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەرچوون.
گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکە بەپێی بەڵگەنامەکان:
فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان: وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرپشک کراون بۆ فرۆشتنی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە حکومییانەی (جگە لەوانەی بۆ بەرهەمهێنان بەکاردێن) کە ١٥ ساڵ یان زیاتر بەسەر ساڵی دروستکردنیاندا تێپەڕیوە. هەروەها فرۆشتنی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێل، موەلیدە، و ئامێرە بیناسازییە پەککەوتوو یان زیادەکان، بێ گوێدانە ساڵی دروستکردنیان.
کەمکردنەوەی سووتەمەنی: بڕیار درا بە کەمکردنەوەی بەشە سووتەمەنی (بەنزین و گاز)ـی هەموو وەزارەت و پارێزگاکان بەڕێژەی ٥٠٪ـی ئەو بڕەی ئێستا بۆیان دیارکراوە.
ئەژمارنەکردنی بڕوانامەی نوێ: ئەو بڕوانامەیەی فەرمانبەر لە سەرەتای دامەزراندنیدا پێشکەشی کردووە، وەک بڕوانامەی کۆتایی ئەژمار دەکرێت. هەروەها ئەو بڕوانامانەی فەرمانبەران لە کاتی خزمەتی وەزیفیدا بەدەستی دەهێنن بۆ هیچ مەبەستێک ئەژمار ناکرێن، جگە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەویش لە سنوورێکی زۆر تەسکدا.
راگرتنی گواستنەوەی فەرمانبەران: گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ وەزارەتەکانی (نەوت، دارایی، پەروەردە، و خوێندنی باڵا) یان هەر لایەنێکی تر کە ببێتە هۆی زیادبوونی تێچووی دارایی و مووچە، راگیرا.
ناردنی قوتابی بۆ دەرەوە(ئیبتیعاس): بڕیار درا بە راگرتنی ناردنی قوتابی بۆ دەرەوەی وڵات لەسەر ئەرکی دەوڵەت بۆ هەموو پسپۆڕییەکان.

