حکوومەتی فەڕەنسا و دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جانیوەری، هەڵمەتی وەرگرتنی هێزیان بۆ بەرنامەی نوێی سەربازیی خۆبەش بۆ ماوەی ١٠ مانگ لەژێر ناوی “خزمەتی نەتەوەیی” دەست پێ کرد. ئەمە هەمان ئەو پڕۆژەیەیە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە مانگی نۆڤەمبەردا وەک وەڵامێک بۆ “پێداویستییەکانی سوپا” لە بەرانبەر مەترسییە سەربازییەکاندا ڕایگەیاندبوو.
لە چوارچێوەی پڕۆژە نوێیەکەدا، خۆبەخشان سەرەتا مانگێک ڕاهێنان دەبینن و دواتر بۆ ماوەی ٩ مانگ لە ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکاندا خزمەت دەکەن. بەگوێرەی کۆشکی ئێلیزێ، کەمترین مووچەی مانگانەی هەر خۆبەخشێک ٨٠٠ یۆرۆ دەبێت و شوێنی مانەوە، خۆراک و کەلوپەل بەتەواوی دابین دەکرێت.
سوپای فەڕەنسا بەنیازە لەم مانگەوە دەست بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خۆبەخشان بکات. ٨٠٪ی خۆبەخشان لە گەنجانی کوڕ و کچی تەمەن ١٨ بۆ ١٩ ساڵ پێک دێن. ئەم خولە لە سیستەمی وەرگرتنی زانکۆکاندا وەک خاڵی ئەرێنی بۆیان هەژمار دەکرێت.
بەهۆی سنوورداربوونی بودجەوە، پڕۆژەکە بە قۆناغ فراوان دەکرێت. لە ساڵی یەکەمدا ٣ هەزار کەس وەردەگیرێن و ئامانج ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەکە بگاتە ١٠ هەزار کەس لە ساڵێکدا. هەروەها پلان هەیە تا ساڵی ٢٠٣٥ ژمارەی خۆبەخشان بۆ ٤٢ هەزار و ٥٠٠ کەس بەرز بکرێتەوە.
بە هەژمارکردنی ئەو کەسانەی ئێستا لە چوارچێوەی “خزمەتی سەربازیی خۆبەش” و جۆرە دەرەکییەکەی بە ناوی “خزمەتی سەربازیی گونجێنراو” خزمەت دەکەن، ساڵانە نزیکەی ٥٠ هەزار کەس لە جۆرە جیاوازەکانی خزمەتی سەربازیی فەڕەنسادا بەشدار دەبن.
ئیمانوێل ماکرۆن کاتی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا جەختی کردەوە ئەم “خزمەتە نەتەوەیییە” نوێیە “تەواو سەربازی” دەبێت و هێزە وەرگیراوەکان تەنها لە ناوخۆی خاکی فەڕەنسا خزمەت دەکەن.
ئەم هەنگاوەی فەڕەنسا بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی بەرفراوان لە سیاسەتی ئەورووپادا؛ وڵاتانی ئەورووپا کە دەیان ساڵە پشت بە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا دەبەستن، ئێستا نیگەرانن لە گۆڕانی ئەولەویەتەکانی *دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا* و هەروەها ئەوەی بە “ڕەفتاری هێرشبەرانەی ڕووسیا” وەسفی دەکەن.
دەستپێکردنی “خزمەتی نەتەوەیی”ـی نوێ بە واتای وازهێنانە لە پڕۆژەی “خزمەتی نەتەوەییی گشتگیر” (SNU) کە بۆ سەرۆکی فەڕەنسا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەو پڕۆژەیە کە لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی ماکرۆن بوو لە ساڵی ٢٠١٧ بە ئامانجی “بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی” و ساڵی ٢٠١٩ خرایە کار، بۆ نەوجەوانانی ١٥ تا ١٧ ساڵ دیاری کرابوو، بەڵام هەرگیز بەشێوەی سەرتاسەری جێبەجێ نەکرا. کۆشکی ئێلیزێ ئێستا دان بەوەدا دەنێت ئەو پڕۆژەیە “لەگەڵ دۆخی ستراتیژیی نوێ” کە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروست بووە، نایەتەوە.

