میدیاکانی هۆڵیوود باس لە دروستبوونی ناکۆکییەکی توند دەکەن لە نێوان ئەکتەری ناودار بێن ئەفلێک و ئەستێرەی بەرنامەی “ڕیالتی شۆ”، لیزا بارلۆ. کێشەکە کاتێک دەستی پێکرد کە لیزا بارلۆ ئامادەنەبووونی خۆی لە هەندێک دیمەنی وەرزی شەشەمی بەرنامەی “Real Housewives of Salt Lake City” گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە سەرقاڵی کارکردن بووە لەگەڵ بێن ئەفلێک و بلەیک لایڤلی.
ئەم لێدوانە بێن ئەفلێکی ناچار کرد کە بە شێوەیەکی فەرمی وەڵام بداتەوە. ئەفلێک لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ پڕۆمۆکردنی فیلمە نوێیەکەی “The Rip”، بە تەواوی نکوڵی لەوە کرد کە لیزا بارلۆ بناسێت یان هەرگیز چاوی پێی کەوتبێت.
گوتیشی: “من ناوی ئەم خانمەم نەبیستووە و ماوەی ١٠ ساڵە سەردانی ویلایەتی یوتاشم نەکردووە”. لە بەرامبەردا، لیزا بارلۆ بۆ سەلماندنی قسەکانی، ڤیدیۆیەکی لە تیک تۆک بڵاوکردەوە کە تێیدا بێن ئەفلێک لە فێستیڤاڵی “SXSW” لە تەکساس دەردەکەوێت و لیزاش لەوێ ئامادە بووە.
ئەم مشتومڕە بووەتە جێی باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەت کە لیزا بارلۆ لەناو بەرنامەکەدا لەگەڵ هاوڕێیەکی تری بە ناوی برۆنوین نیوپۆرت کێشەی هەیە و بە “درۆزنێکی نەخۆش” وەسفی کردووە.

