ئەمڕۆ چوارشەممە 1/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ دیک شوف، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوە.
هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری. لەمبارەیەوە سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی هۆڵەندای کرد، بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵی.
لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی سووریا کرا و هەردوولا نیگەرانی خۆیان بەرانبەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەربڕی و جەختیان لە کۆتاییهێنان بە پێکدادان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا کردەوە.


