zagros news agency

نێوەندگیریی ئاشتی لەڤاتیکانەوە بۆ ڕۆژاڤا – سەرۆک بارزانیی و ئەرکی پاراستنی مرۆڤایەتی

 

(خوێندنەوەیەک بۆ هەوڵە ستراتیجییەکانی سەرۆک بارزانیی و شایستەبوونی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی)

 

ئیسماعیل سیرینی

ئەمريکا

لەکاتێکدا جیهان لەناو جەرگەی ململانێ جیۆپۆلیتیکییە گەورەکان و کێبڕکێی جەمسەرە سەربازیی و ئابوورییەکاندا دەکوڵێت، کورد لەڕۆژاڤا ڕووبەڕووی مەترسییەکی “وجوودی” بووەتەوە. ئەم قەیرانە تەنیا ئاماژەیەک نییە بۆ مەرگەساتێکی ئینسانی، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمیی و نێودەوڵەتی. گەمارۆدانی شارە کوردییەکان تەنیا ئاڵنگاریی و تەحەددییەک نییە بۆ نەتەوەی کورد، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی مێژووییە بۆ ویژدانی ئەو “جیهانە ئازادەی” کە دیموکراسیی و مافی مرۆڤ بەبنەمای خۆی دەزانێت.

 

ستراتیجییەتی ئاشتی لە هەولێرەوە بۆ ڤاتیکان:

سەردانی فەرمیی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، لەم چرکەساتە هەستییارە تاقەت پڕوکێنەدا، تەنیا سەردانێکی تەشریفاتیی سادە نییە، بەڵکو جوڵەیەکی دیپلۆماسیی قووڵ و فرەڕەهەندە. ئەم دەسپێشخەرییە ستراتیجییە پەیامێکی ڕەهایە بەوەی کە “پاراستنی میللەتی کورد” ئەرکێکی ئینسانیی و ئەخلاقیی گشتگیرە. پێویستە ناوەندەکانی بڕیارو هێزە باڵاو کاریگەرەکان لەجیهان پشتگیریی لەم هەوڵانەی سەرۆک بارزانی بکەن بۆ بونیادنانی چەترێکی نێودەوڵەتی کە ئامانجی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕو ڕێگری بێت لەهەر گۆڕانکارییەکی دیموگرافی ببێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاشتیی درێژخایەن.. خوازیارین ڤاتیکان و ناوەندە ئاشتیخوازەکان فشارە سیاسییەکانیان چڕ بکەنەوە تا کاراکتەرە هەرێمییەکان ناچار بکرێن زمانی هەڕەشەو چەک بۆ زمانی عەقڵ و دایەڵۆگی سیاسیی بگۆڕن. هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک لەسۆنگەی دڵسۆزیی و خەمخۆریی مێژووییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو لەهەر کوێ کوردێک ئازاری هەبێت، بەهاناوەچوونی بەئەرکی نەتەوەیی خۆی زانیوە. هاوکات، جەنابییان وەک “ڕێبەرێکی نیشتیمانی” هەستی بەرپرسیارییەتی بەرامبەر تەواوی پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییە جیاوازەکان هەیەو دەزانێت کە شەڕو شۆڕ ئاشووب بێ جیاوازیی داڕووخان و ماڵوێرانکەرە.

 

پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی وەک “کلیلی سەقامگیریی” ببینێت. دروستکردنی بۆشایی ئەمنی لەڕۆژاڤا گەورەترین دەستکەوتە بۆ پاشماوەکانی داعش. هەر داڕمانێکی ئەمنی لەو ناوچەیەدا واتای تەقینەوەی ئەو زیندانانەیە کە هەزاران تیرۆرستی نێودەوڵەتییان تێدایە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆو دەستبەجێیە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپاو ئەمریکا. لەوەش زیاتر، قەیرانی کۆچبەریی زۆرەملێ نەک هەر عێڕاق و هەرێم، بەڵکو هەموو سنوورەکانی ئەوروپا دووچاری داڕمانی سیاسیی و مرۆیی دەکات. لێرەوە، پاراستنی ڕۆژاڤا تەنیا “خێرخوازیی” نییە، بەڵکو کڕۆکی “پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی جیهانییە”.

 

نەخشەڕێگەی دەربازبوون لەمەرگەسات – بۆ ڕێگریی لەتەشەنەکردنی شەڕ، پێویستە ئەم هەنگاوە تەکنیكیی و سیاسییانە بەخێرايی بنرێن:

 

– پارێزبەندیی نێودەوڵەتی،

سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین یان فشارێکی سیاسیی کارا بۆ پاراستنی ناوچە مەدەنییەکان لەهێرشی ئاسمانیی و زەمینی.

 

– دایەڵۆگی سیاسیی گشتگیر،

هاندانی دایەڵۆگی (کوردی – کوردی)، (کوردی – سوری) وەک تەنیا بژاردەی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی سیاسی کە سەروەریی خاک و مافی نەتەوەیی کورد وەک گەلێکی ڕەسەن دەستەبەرو مسۆگەر بکات.

 

– توندکردنی سنوورەکان،

جیهان دەبێت یارمەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بدات بۆ ڕێگری لەگواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی عێڕاق و ڕێگری لەمەرگەساتێکی مرۆیی کە لەتوانای دامەزراوە ناوخۆییەکاندا نەبێت.

 

لەکۆتاییدا، وەکو وەفایەک بۆ ئەم هەوڵ و خەبات و کۆششە بێ پشووانە، پێویستە ووڵاتانی دیموکراسیخواز و ناوەندە ئاشتیخوازەکان بەبێ دوودڵی “خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی” ببەخشنە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی. ئەمە نەک هەر ڕێزگرتنە لە لیدەر و کەسایەتییەک کە تەمەنی بۆ ئاشتیی و پێکەوەژیان تەرخان کردووە، بەڵکو پەیامێکی بەهێزە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لەکوشتارو ماڵوێرانی لەم ناوچە پڕ ئاشووبەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەسەرۆک دەدوێت هەم دەترسم هەم دڵشادم

یاسین

سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا ڕاگەیاند

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح