zagros news agency

ئەمریکا باجی سەر کاڵاکانی کۆریای باشوور بۆ ٢٥٪ بەرز دەکاتەوە

 

حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند باجی گومرگیی وڵاتەکەی لەسەر هەندێک کاڵای هاوردەکراوی کۆریای باشوور بۆ ٢٥٪ بەرز دەکاتەوە. لەم بارەیەوە دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا ڕایگەیاند باجە گومرگییەکانی سەر کۆمەڵێک کاڵای کۆریاییی بەرز کردووەتەوە.
بەپێی ئەم بڕیارە، باجی هاوردەکردن بۆ کاڵاکانی وەک ئۆتۆمبێل و بەرهەمە دەرمانسازییەکان لە ١٥٪ـەوە بۆ ٢٥٪ بەرز دەبێتەوە.
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە ڕوونکردنەوەی ئەم بڕیارەدا ئاماژەی بەوە کرد ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات کە ساڵی ڕابردوو ئەنجام درابوو، هێشتا لەلایەن پەرلەمانی کۆریای باشوورەوە پەسەند نەکراوە و ئەمەش بە بڕوای ئەو “پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکەیە”.
کۆریای باشوور کاردانەوەی بەرامبەر بەم بڕیارە نیشان دا. نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند پێش ڕاگەیاندنی ئەم باجانە، هیچ ئاگادارییەکیان لە واشنتۆنەوە پێ نەگەیشتووە و تا ئێستاش وردەکاریی زیاتریان بەدەست نەگەیشتووە.
بەرزکردنەوەی نوێی باجەکان لە کاتێکدایە کە ترەمپ پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو هەموو کاڵا کۆریایییەکان ڕووبەڕووی باجی ٢٥٪ دەکاتەوە.
لە هاوین و پاییزی ساڵی ڕابردوودا، هەردوو لایەن لەسەر کەمکردنەوەی باج بۆ ١٥٪ ڕێککەوتبوون.
کۆریای باشوور لە مانگەکانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو لە چەند ساڵی داهاتوودا بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لە ئەمریکا وەبەرهێنان دەکات. هەناردەی کۆریای باشوور بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەکی بریتییە لە ئۆتۆمبێل، پارچەی نیمچەگەیەنەر و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە عێراق مادەی هۆشبەر لە زەوییە كشتوكاڵییەكاندا دەچێندرێت

یاسین

راگەیندراوێک لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق

یاسین

لە ئێران بایەخی تومەن هەروا لە دابەزین دایە

یاسین