سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران “ئەرێنی” بوون و هەفتەی داهاتوو درێژەیان پێدەدرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەڕی ئێستای دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە عومان کۆتایی هاتووە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چەندین کۆمپانیا و کەسدا سەپاندووە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 7-2-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، کە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران پێشکەوتنی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە. ترەمپ گوتی: “پێموایە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران گەیشتووینەتە ئەنجامی ئەرێنی. و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا جارێکی دیکە یەکتر دەبینینەوە”. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئێرانییەکان زیاتر ئامادەن بۆ جوڵەکردن وەک لەوەی ساڵێک لەمەوبەر بوون” و پێیوایە کە تاران “دەیەوێت ڕێککەوتنێک ئەنجام بدات”.
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینی، گەڕی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە نێوان شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بە شێوەیەکی کاتی کۆتایی هات. عەباس عراقچی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران، کەشوهەوای گفتوگۆکانی بە “ئەرێنی” وەسف کرد و گوتی: “ڕێککەوتن هەیە لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، بەڵام بێمتمانەییەکی گەورە هەیە کە ئاڵنگارییە بۆ دانوستانەکان”.
هاوکات لەگەڵ ئەم گەشبینییەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، پاکێجێکی نوێی سزا ئابوورییەکانی ڕاگەیاند، کە 15 کۆمپانیا و دوو کەسایەتی دەکاتە ئامانج. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو کۆمپانیایانە لە وڵاتانی ئیمارات، تورکیا، جۆرجیا، چین و چەند وڵاتێکی دیکە تۆمارکراون کاری بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا هەبووە.

