ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا کە تەنیا چەند خولەکێکی خایاند، پێش ئەوەی بڕیار بدرێت بە هەڵگرتنی بۆ کاتێکی نادیار. ئەمەش دوای پەککەوتنی سێ کۆبوونەوەی لەسەریەک دێت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، کارەکانی کۆبوونەوەی ژمارە (7)ی خولی شەشەمی هەڵبژاردن، ساڵی یەکەمی یاسادانان، وەرزی یەکەمی یاسادانانی دەستپێکرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، هەریەک لە پەرلەمانتاران “حەسەنین خەفاجی”، “جەعفەر شەعیل ئەلزاملی” و “عەلی ئەنهێر ئال سەرای”، وەک ئەندامی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی دەستوورییان خوارد.
هەروەها پەرلەمان دەنگی دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی لیژنە پەرلەمانییەکان بە سەرۆکایەتی عەدنان فەیحان ئەلدولەیمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران. پاشان بڕیار درا بە کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەکە کە نزیکەی 25 خولەکی خایاند و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
هەواڵی پێشوو

