zagros news agency

فوئاد حوسێن: چارەسەرکردنی دۆسیەی زیندانیانی داعش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان هەیە

 

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە چارەسەرکردنی دۆسیەی “زیندانیانی داعش” پێویستی بە یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بەتایبەت بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست لە ڕەگەزنامە ئەورووپییەکان.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە دەست کەوتووە: “فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری وەزارەت، پێشوازی لە گیزا ئەندریاس فۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا و وەفدی هاوڕێی کرد”.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: “لە دیدارەکەدا جەخت لە پتەویی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان کرایەوە، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها باس لە کێشەی ئەندامانی ڕێکخراوی داعش و هەوڵەکانی حکومەت بۆ گواستنەوەیان لە سوریاوە بۆ عێراق کرا و میکانیزمەکانی کاری هاوبەش بۆ چارەسەری ئەم دۆسیەیە تاوتوێ کرا؛ وەزیرە ئەڵمانییەکەش ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی بە عێراق لەم بوارەدا”.

فوئاد حسێن ئاماژەی بەوە کرد کە “چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان هەیە، چونکە زۆرێک لە تیرۆریستەکان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەورووپین”، هەروەها ئاماژەی بەو “بارگرانییە داراییانە” کرد کە پەیوەستن بەم پرسەوە.

بەیاننامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “لەلای خۆیەوە گایەر باسی لە بابەتی ڕێککەوتنی نیازپاکیی کرد کە بڕیارە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق واژۆ بکرێت بۆ ڕێکخستنی کارەکانی هێزە ئەڵمانییەکان لە عێراق. هیوای خواست ڕێککەوتنەکە بەم زووانە واژۆ بکرێت و جەختیشی کردەوە لە بەردەوامیی ئەرکی هێزە ئەڵمانییەکان لە چوارچێوەی نێردەی ناتۆ (NATO)دا”.

هەر لە دیدارەکەدا، هەردوولا باسیان لە ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان و ئابوورییەکان کرد لە تیشکی سەردانی ئەم دواییەی وەفدە ئابوورییەکەی ئەڵمانیا بۆ عێراق؛ ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی وەفدەکە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. هەروەها فوئاد حسێن دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەت و هەوڵی لایەنە سیاسییەکانی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش خستەڕوو.

لایەنی ئەڵمانی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی کەشوهەوا. هەروەها باس لە بارودۆخی ناوچەکە کرا، لەوانە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و ئابووری لە ناوچەکە و جیهاندا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە گۆڕانکارییەکانی پرۆسەی سیاسی لە سوریا تاوتوێ کران، بەتایبەت بارودۆخی دیمەشق و پەیوەندییەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەکارهێنانی غاز وەک سووتەمەنی ئۆتۆمبێل لە عێراق لە زیادبوون بەردەوامە

یاسین

رێناس سەید نەجمەدین : بۆ كوردستانێكی بەهێز دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

گوران

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار ئاشکرا دەکرێت

یاسین