ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، پڕۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ و بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕوات. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوی یاسایی بۆ پڕۆسەکە بنرێت، دەبێت سەرەتا دیاری بکرێت و پشتڕاست بکرێتەوە کە پەکەکە بەتەواوی چەکی داناوە؛ ئینجا لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاو بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی یاسایی دەنێن.
گورلەک لە قسەکانیدا سەبارەت بە پێدانی “مافی هیوا” بە ئۆجەلان ڕوونی کردەوە، لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆندا کە تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی دامەزراوە، ئاماژە بە پێدانی مافی هیوا نەکراوە. ئەو گوتی: “هەر کەسێک بەهۆی دۆسیەی تیرۆرەوە سزای زیندانیی هەتاهەتاییی قورسکراوی بەسەردا سەپێنرابێت، سزاکەی هەتاهەتایی دەبێت و جێبەجێ دەکرێت.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ چاکسازییەک ئەنجام نادەن کە تەنیا بۆ یەک کەس پەیڕەو بکرێت.

