بۆ یەکەمجار لە مێژووی سینەمای کۆریای باشووردا، دەرهێنەری ناودار پارک چان-ووک وەک سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی 79یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” بۆ ساڵی 2026 هەڵبژێردرا.
ئەو دەرهێنەرە 62 ساڵە، کە خاوەنی کارەکتەرێکی هونەریی تایبەتە، پێشتر چەندین خەڵاتی گەورەی لەم فێستیڤاڵەدا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی لێژنەی دادوەران بۆ فیلمی “Oldboy” لە ساڵی 2004.
بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە، ئایریس کنۆبلۆخ و تیێری فێرمۆ، ستایشی داهێنانە بینراوەکانی پارک چان-ووکیان کرد و بە ڕەمزێکی سینەمای هاوچەرخ وەسفیان کرد.
پارک چان-ووک لەبارەی ئەم ئەرکە نوێیەی وتی: “لە سەردەمێکدا کە پڕە لە ڕق و دابەشبوون، کۆبوونەوە لە هۆڵێکی سینەمادا بۆ بینینی فیلمێک دەتوانێت هاوسۆزییەکی جیهانی و مرۆیی دروست بکات.”
ئەم هەنگاوە دوای سەرکەوتنە گەورەکانی کلتوری کۆری دێت لە جیهاندا، وەک فیلمی “Parasite” و زنجیرەی “Squid Game” و گروپە مۆسیقییەکانی کەی-پۆپ.

