ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.3.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، سەبارەت بە چەند پرسێكی تایبەت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە و ڕەوش و پێشهاتەکان، لەگەڵ سەرجەم قائیمقام و بەرێوەبەری ناحیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر كۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکدا، تیشك خرایە سەر دۆخی ناوچەکە بەگشتیی و ئامادەکاری و حاڵەتی ئامادەباشی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و ئەگەر و ڕووداوێکی کتوپڕی نەخوازراو لە ناوچەکەدا و جەخت لە ڕێنمایی بۆ لێژنەکانی چاودێری بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و قۆرخکاری و هەماهەنگی نێوان یەکە کارگێڕییەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی شار و دەوروبەری كرایەوە و لێژنەکانیش ڕاسپێردران کە بە وردی چاودێری بازاڕ بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە قۆرخکاری بکرێت، بەتایبەت لەم کاتانەدا کە قەیران یان گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و کارئاسانی تەواو بۆ هاووڵاتییان بکرێت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و لەسەر ئاستی هەموو قەزا و ناحیەکان ژووری ئۆپەراسیۆن پێکبهێنرێت و هەماهەنگی تەواو لە نێوان هەموو لایەنەكان هەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دابینکردنی پێداویستییەکان لە کاتی هەر فریاکەوتنێکدا، سەرجەم تیمەکان لەوپەڕی ئامادە باشیدابن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.
لە كۆتایشدا، دواى بەدواداچوون بۆ ئەرک و کارەکانی قائیمقام و بەڕێوەبەرایەتی ناحییەكان، پارێزگاری هەولێر وێڕاى دەستخۆشى لێیان، جەختى لە بەجێگەیاندن و جێبەجێکردنی فەرمان و پابەند بوون بە ڕێنمایی و رێکارەکان کردەوە و تەواوی پاڵپشتی خۆى بۆ قائیمقامیەتەکان و ناحیەكانی سنوورى پارێزگاى هەولێر دووپاتکردەوە.

