کیلیان مێرفی، ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار، بە فەرمی کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە دەیانوت ڕەنگە ڕۆڵی “لۆرد ڤۆڵدمۆرت” لە زنجیرە تەلەفزیۆنییە نوێیەکەی “هاری پۆتەر”دا بگێڕێت کە لەلایەن کەناڵی HBO بەرهەم دەهێنرێت.
مێرفی لە پۆدکاستی “Happy Sad Confused”دا ڕایگەیاند، ئاگاداری ئەو قسانە نییە و گوتی: “زۆر قورسە مرۆڤ شوێنی ڕاڵف فاینز بگرێتەوە، چونکە ئەو ئەفسانەیەکی ڕاستەقینەی نواندنە. هیوای سەرکەوتن بۆ هەر کەسێک دەخوازم کە ئەو پێڵاوانە لەپێ بکات.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە منداڵەکانی هەندێک جار ئەو دەنگۆیانەی نیشان دەدەن، بەڵام هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە.
زنجیرە نوێیەکەی هاری پۆتەر بڕیارە لە ساڵی 2027 لەسەر شاشەیHBO و Max نمایش بکرێت و هەر وەرزێکی باس لە یەکێک لە کتێبەکانی جەی کەی ڕۆڵینگ دەکات. پێشتر کاستی سێ کارەکتەرە سەرەکییەکە دیاری کراون، کە بریتین لە دۆمینیک مەکڵۆلین لە ڕۆڵی هاری پۆتەر، ئارابێلا ستانتۆن لە ڕۆڵی هێرمایۆنی و ئەلاستێر ستاوت لە ڕۆڵی ڕۆن ویزڵی.
سەبارەت بە کیلیان مێرفیش، خشتەی کارەکانی زۆر قەرەباڵغە؛ بڕیارە لە ئۆکتۆبەری داهاتوودا فیلمی “Steve” لە نێتفلێکس نمایش بکرێت، هەروەها خەریکی کارکردنە لەسەر فیلمی “The Immortal Man” کە تەواکەری زنجیرەی “Peaky Blinders”ە و لە ساڵی 2026 بڵاودەبێتەوە، جگە لەوەش لە فیلمی ترسناکی “28 Years Later”دا بەشدار دەبێت.

