بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری/ بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی، لە 15ـی ئاداری 2026 تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2026، راوکردنی ماسی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت و بڕیارەکەش سەرجەم جۆرەکانی راوکردن دەگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕیندا هاتووە، مەفرەزە و تیمەکانیان سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراودا بڕیارەکە لەسەر زێی بچووک و دەریاچەی دوکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین جێبەجێ بکەن.
هاوکات پۆلیسی دارستان داوا لە هاووڵاتییان و راوچییان دەکات، پێش چوونە بواری جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە، سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی پەیوەندییان بە راوکردنی ماسییەوە هەیە لە دەریاچەکان و رووبارەکان دووربخەنەوە.
هەروەها هۆشداری دراوە کە راوکردنی ماسی بە رێگاکانی (کارەبا، ماددە ژەهراوییەکان، ماددە تەقەمەنییەکان و تۆڕی کونی ورد) بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو کاتێکدا بە تەواوی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

