روانگەی ئیکۆ عێراق، راپۆرتێکی وردی لەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە بودجەی ساڵی رابردوو، رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە بووەتەوە و هاوسەنگیی دارایی وڵات بەهۆی پشتبەستنی زۆر بە داهاتی نەوت، لە مەترسیدایە.
بەپێی راپۆرتەکەی روانگە، کۆی گشتیی خەرجییەکان لە بودجەی 2025ـدا گەیشتووەتە 141 ترلیۆن و 122 ملیار دینار، لە بەرامبەردا داهاتی دەوڵەت 124 ترلیۆن و 185 ملیار دینار بووە، بەمەش 17 ترلیۆن و 40 ملیار دینار کورتهێنان هەبووە.
وردەکاریی داهات و خەرجییەکان کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە.
داهاتی نەوت، 109 ترلیۆن و 207 ملیار دینار بووە، کە دەکاتە 88%ـی کۆی داهاتی عێراق.
داهاتی نانەوتی، 14 ترلیۆن و 977 ملیار دینار بووە.
خەرجیی مووچە و بەکاربردن، 119 ترلیۆن و 163 ملیار دینار بووە کە دەکاتە 84%ـی کۆی خەرجییەکان.
خەرجییە وەبەرهێنانەکان، 22 ترلیۆن و 22 ملیار دینار، تەنیا 15%ـی کۆی خەرجییەکان بووە.
روانگەی ئیکۆ عێراق جەختی کردووەتەوە، بەرزیی رێژەی خەرجییەکانی بەکاربردن بەراورد بە خەرجییە وەبەرهێنانەکان، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ناهاوسەنگی لە پێکهاتەی بودجەدا، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە پشتبەستنی رێژەی 88%ـی داهاتەکان بە نەوت، ئابووریی عێراق دەکاتە بارمتەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانیی وزە و نرخەکان.

