ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە بڕی 3 دۆلار و 79 سەنت زیادی کرد، بەوەش گەیشتە 104 دۆلار و 2 سەنت.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە رووی لە بەرزبوونەوە کرد و دوای زیادبوونی 3 دۆلار و 68 سەنت، بە 97 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا نرخەکان دابەزینیان بەخۆوە بینیبوو، بە جۆرێک نەوتی برێنت 2.8٪ و نەوتی تەکساس زیاتر لە 5٪ دابەزی بوون، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی چەند کەشتییەکی نەوت دا بە تەنگەی هورمزدا.
لە ئێستادا بارودۆخی تەنگەی هورمز کە ناوەندێکی سەرەکییە و 20٪ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بازاڕ دروست کردووە.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو تەنگەیە داخراوە و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە کە ئامادە نین کەشتی جەنگی بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییە نەوتییەکان بنێرنە ناوچەکە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان زیاتر کردووە.

