تۆڕی نێتفلێکس بە فەرمی وادەی نمایشکردنی فیلمی سینەمایی “Thrash”ـی ڕاگەیاند، کە فیلمێکی نوێیە لە چەشنی ترسناک و ریالتی.
ئەم فیلمە کە چاوەڕوانییەکی زۆری لێ دەکرێت، بڕیارە لە ڕۆژی هەینی، 10ـی نیسانی 2026، بە شێوەیەکی تایبەت لەسەر پلاتفۆرمی نێتفلێکس بڵاوبکرێتەوە.
چیرۆکی فیلمەکە لە شارۆچکەیەکی کەنار دەریا لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور ڕوودەدات. دوای ئەوەی گەردەلوولێکی وێرانکەر بە هێزی پلە پێنج ناوچەکە دەهەژێنێت، بەنداوەکان دەڕووخێن و ئاوی دەریا شارەکە دادەپۆشێت. بەڵام مەترسییەکە تەنیا لافاوەکە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک قرشی برسی لەگەڵ شەپۆلەکاندا دێنە ناو شەقام و ماڵەکان، ئەمەش دانیشتووانەکە دەخاتە ناو جەنگێکی خوێناوییەوە بۆ ڕزگاربوونیان.
فیلمەکە لە دەرهێنانی تۆمی وۆرکۆلایە و فیبی داینفۆر ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت.
داینفۆر لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە قورسیی وێنەگرتنی فیلمەکە کردووە، بەتایبەت ئەو دیمەنانەی کە لە ناو تانکی گەورەی ئاودا لە کەشێکی زۆر ساردی زستاندا وێنەگیراون.
باسی لەوەش کردووە، بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ژنێک کە لە ناوەڕاستی گەردەلوول و هێرشی قرشەکاندا باری تەندروستی تێکدەچێت، یەکێک بووە لە گەورەترین ئالنگارییەکانی ژیانی پیشەیی.
ئەم فیلمە تێکەڵەیەکی ناوازەیە لە کارەساتی سروشتی و ترسی ڕاوکردن کە بینەر تا کۆتایی لەسەر کورسییەکەی ڕادەگرێت.

