حکومەتی کەنەدا لە هەنگاوێکی مێژوویدا 11 پارچەی شوێنەواریی گرنگی بۆ تورکیا گەڕاندەوە، ئەمەش یەکەمین پرۆسەی گەڕاندنەوەی فەرمی شوێنەوارە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
ئەم پارچانە پێکهاتوون لە 7 لاپەڕەی دەستنووس و 2 لاپەڕەی چاپکراو، لەگەڵ 2 کاری هونەریی خۆشنووسی سەردەم کە بەپێی بڕیاری دادگایەکی فیدراڵی گەڕێندراونەتەوە.
دەستنووسەکان بۆ سەردەمی عوسمانی لە نێوان سەدەکانی 17 بۆ 19 دەگەڕێنەوە و بابەتەکانی تەسەوف، مێژوو و ئەدەبیات لەخۆ دەگرن.
ئەم پارچانە تەنیا دوای ئەوە گەڕێندرانەوە کە ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکانی کەنەدا لە کاتی گواستنەوەیان لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ڤانکۆڤەر دەستی بەسەردا گرتن.
محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتیاری تورکیا ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵیی کەنەدا دوای پێشکەشکردنی بەڵگە زانستییەکان، دانی بەوەدا نا کە ئەم پارچانە کولتووری تورکیان. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان بەپێی ڕێککەوتنامەی یونسکۆ بۆ ساڵی 1970 و بەردەوام هەوڵ دەدەن شوێنەوارە دزراوەکانی دیکەش بگەڕێننەوە.

