ئاربێلوای راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید پێش رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن رایگەیاند ئامادەکارییەکان بۆ یارییەکە بە باشترین شێوە بەڕێوەچوون و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرامبەر تیپێکی وەک بایەرن پێویستیان بە هاوسەنگییەکی ورد هەیە لە نێوان بەرگری و هێرشبەریدا و هۆشداریشی دا لە مەترسی هێرشە هەڵگەڕاوە خێراکانی یانە ئەڵمانییەکە.
راهێنەرەکەی مێرێنگی جەختی کردەوە کە تیپەکەی تەنیا بە عەقڵییەتی سەرکەوتن دەچێتە ناو یاریگاوە و مێژووی شکۆداری یانەکە لە چامپیۆنز لیگ چەکێکی تری بەهێزی ئەوان دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.
سەبارەت بە دۆخی یاریزانەکان دوای شکستی رابردوویان بەرامبەر مایۆرکا، ئەربێلۆا رایگەیاند کە کاتی بیرکردنەوە لە رابردوو نییە و ئێستا هەموو تەرکیزیان لەسەر یارییەکەی بایرنە، هەروەها داکۆکی لە هەردوو ئەستێرە کیلیان مباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر کرد.
وە وتیشی: جێگەی شانازییە یاریزانێکی وەک مباپێم لە تیپەکەدا هەبێت کە هاتووە تاوەکو لە یارییە گەورەکانی وەک ئەمانەدا سەرکردایەتی یانەکە بکات.
سەبارەت بە گەڕانەوەی بێڵینگهامیش رایگەیاند کە بوونی ئەو یاریزانە هێزێکی زۆر بە تیپەکە دەبەخشێت و ئەو توانایەکی جیاوازی هەیە کە دەبێت هاوڕێکانی لەگەڵ شێوازی یاریکردنیدا بگونجێن.

