ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەوە رایگەیاند کە هێشتا پرسیار و گومان لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە هەیە کە بووەتە هۆی پێشێلکردنی ئاسمانی ئێران.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد: “ئەو شوێنەی بانگەشەی ئەوە دەکرا فڕۆکەوانەکەی لێ شاردراوەتەوە، پارێزگای (کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد) بووە، لە کاتێکدا ئەو فڕۆکە ئەمریکییانەی نیشتوونەتەوە لە باشووری ئەسفەهان بوون کە دوورییەکی زۆری لەو شوێنەوە هەیە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئۆپەراسیۆنەکە فێڵێک بووبێت بۆ دزینی ئورانیۆمی ئێران.”
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس سۆشیاڵ” رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ئەمریکی لە ناوخۆی ئێرانی پشتڕاست کردەوە و نووسیویەتی: “ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا کە دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی بە جیا لە قووڵایی خاکی دوژمندا رزگار بکرێن.”
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دەنگۆی رێککەوتن و ئاگربەستەوە گوتی: “کاتێک ئەمریکا پلانی ١٥ خاڵیی خۆی پێشکەش کرد، رامانگەیاند کە ئەو پێشنیازانە زێدەڕۆیی تێدایە، نامەعقول و نالۆژیکین و بە هیچ شێوەیەک بۆ ئێمە جێی قبوڵ نین.” ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە هەڵوێستی وڵاتەکەیان لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە واشنتن گەیاندووە و رەتیکردەوە وڵاتەکەی بچێتە ژێر باری ئاگربەستەوە و گوتی: “ئاگربەست واتە پێدانی کات بە دوژمن بۆ خۆڕێکخستنەوە؛ هیچ کەسێکی عاقڵ کارێکی وا ناکات.” هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە گەرووی هورمزدا نادەن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، سەرچاوە ئاگادارەکان باس لە هەوڵێکی نێوەندگیریی ناوچەیی دەکەن لە نێوان تاران و واشنتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی ٤٥ رۆژە. ماڵپەڕی “ئاکسیۆس” و ئاژانسی “رۆیتەرز” بڵاویانکردووەتەوە کە هەردوو وڵات خەریکی تاوتوێکردنی پلانێکن بۆ وەستاندنی شەڕ، کە رەنگە لە رۆژی دووشەممەوە (٦ـی نیسان) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ببێتە هەوێنێک بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی.
هەواڵی داهاتوو

