zagros news agency

وەزیری نەوت: کۆتایی بە سووتاندنی غاز دەهێنین و ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم دەستکەوتێکی گەورەیە

باسم محەمەد خەزیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-5-2026، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان خستە ڕوو.

کۆتاییهێنان بە سووتاندنی غاز

وەزیری نەوت جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەت بەردەوامە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و بەڵێنیدا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2029 پرۆسەی سووتاندنی غاز لە عێراق بەتەواوی ڕابگیرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتی دارایی لە ڕێگەی زیادکردنی هەناردە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان، سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن.

ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کەرتی وزە

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عەبادی باسی لە گرنگی گەڕەکانی مۆڵەتدان (جولات التراخيص) کرد بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان. هاوکات پڕۆژەی “شەمس ئەلبەسرە”ی وەک هەنگاوێکی گرنگ لە بواری وزەی خۆر ناوبرد. وەزیری نەوت ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی لەبارەی نەوت بە “دەستکەوتێکی گەورە” وەسف کرد و داوای کرد بودجەیەکی پێنج ساڵە بۆ وەزارەتەکەی تەرخان بکرێت تا بتوانن پڕۆژە ستراتیژییەکان تەواو بکەن.

دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل بۆ هەناردەکردنی نەوت

لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە لێکەوتەکانی داخستنی “تەنگەی هورمز” و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت کراوە. سەرۆکوەزیران و تیمی وەزارەتی نەوت میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەنگژەیەیان تاوتوێ کردووە، لەوانە دۆزینەوەی دەروازەی جۆراوجۆر و ڕێگەی بەدیل بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو.

هەروەها باس لە هەماهەنگییەکانی وەزارەتی دەرەوە کرا بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ واژۆ کراون، بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی وشکانییەوە، وەک بەشێک لە پلانی دەستەبەرکردنی ڕێڕەوەکانی وزە لە کاتی نائارامییەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ترەمپ: دەبوو دەست بەسەر نەوتی عێراقدا بگرین

یاسین

نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

گوران

گرووپێكی مەترسیداری سپیكردنەوەی پارە لە ئیستانبۆڵ دەستگیر دەكرێن

سەڵاح