هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند کە پێشنیازی یاسای “خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ” (التجنيد الإلزامي) لەئەستۆ دەگرێت، ئەوەش دوای گفتوگۆی “قووڵ” لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان و ئەندامانی پەرلەمان دێت، وەک پێویستییەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا.
نووسینگەی حەلبووسی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ناوبراو “سەردانی بارەگای وەزارەتی بەرگریی کردووە و لەگەڵ فەریق ئەوەل هێزە تایبەتەکان، عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و فەرماندە و بەڕێوەبەری صنفەکانی سوپای عێراق کۆبووەتەوە؛ تێیدا لە نزیکەوە ئاگاداری گرنگترین ئەو تەحەدایانە بووە کە ڕووبەڕووی دامەزراوەی سەربازی دەبنەوە و گوێبیستی ڕاپۆرتێکی ورد بووە لەسەر واقیعی سوپا و پێداویستییەکانی پەرەپێدانی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە تەمەنی خۆبەخشان و بەهێزکردنی تواناکانیان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان هەیە.”
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە سەردانەکەدا “گفتوگۆی قووڵ لەگەڵ سەرکردایەتی وەزارەتەکە و ئەفسەرانی باڵا و ئەرکان ئەنجامدراوە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە لەسەر پێویستیی دووبارە چاوخشاندنەوە بە بابەتی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێدا، وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپا و بونیادنانی بنکەیەکی مرۆیی ڕێکخراو کە توانای لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەبێت.”
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە “سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازی یاسای خزمەتی زۆرەملێی لە عێراقدا لەئەستۆ گرتووە، وەک پێویستییەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتی کە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی دامەزراوەی سەربازی و پێگەیاندنی نەوەیەک کە خاوەن دیسپلین، هۆشیاری و بەرپرسیارێتی بێت، جگە لە بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی بێکاری و ئاراستەکردنی وزەی گەنجان بەرەو کارێکی ڕێكخراو، و سنووردارکردنی تێوەگلانیان لە دیاردە نەرێنییەکان، هەروەها بەهێزکردنی ڕۆحی ئینتیمای نیشتمانی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لە نێوان ڕۆڵەکانی عێراقدا.”
هەروەها سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە کە “خستنەڕووی ئەم یاسایە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان و ئەندامانی پەرلەمان هاتووە، بە شێوەیەک کە گەرەنتی تێپەڕاندنی بکات لە ڕێڕەوێکی یاساداناندا کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی گشتی بێت و خزمەت بە پێداویستییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی لە قۆناغی داهاتوودا بکات.”
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

