ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ڕایدەگەیەنێت، پارتی بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەک ناکات کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هۆتێل ڕەشید بێت و جەخت دەکاتەوە کە نابێت چارەنووسی کەرکووک بە سەفقەی گوماناوی یەکلایی بکرێتەوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، ”پارتی لەگەڵ ئەوەیە سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بەگوێرەی قەبارەی خۆیان ڕۆڵیان لە ئیدارەدانی شارەکەدا هەبێت، کەرکووک هی هەمووانە و نابێت ئیرادەی خەڵکەکەی زەوت بکرێت یان لە دەرەوەی شارەکە بە سەفەقاتی گوماناوی پۆستەکان دابەش بکرێن.
خاڵە سەرەکییەکانی لێدوانەکەی ڕێبەر ئەحمەد:
پرسی کەرکووک: پارتی لەگەڵ کۆدەنگییەکدایە کە شەرعیەت بۆ خەڵکی کەرکووک بگەڕێنێتەوە، نەک ڕێککەوتنی ژوورە تاریکەکان.
پێکهێنانی حکوومەت: دواخستنی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا نییە و پێویستە خێرا بکرێت.
سەقامگیریی ناوچەکە: لە ماوەی جەنگی ئێراندا، هیچ هەوڵێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتە نەبووە و هەرێم هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە.

