سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پلانی نوێی بۆ ئەنجامدانی چەندین کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەرکرد و جەختیش لەسەر هاوکاری و خێرا ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیان دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاوی کردەوە: “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 18/4/2026، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ گشت بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرپەشتیار و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر کۆبۆووە کە ئامانجی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی چەندین کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دانانی پلانی نوێ بوو، بۆ چارەسەرکردنی گرفت و هەروەها هەماهەنگی کردن لە نێوان شارەوانییەکاندا لەگەڵ کارئاسانی بۆ داخوازییەکانی هاووڵاتیان.”
شارەوانیی هەولێر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بەم شێوەی خوارەوە خستووەتە روو:
1- گفتوگۆ لە بارەی بابەتی ئامادەکردنی دەرخستە بۆ هەموو ئەو گەڕەک و شوێنانەی کە تا ئیستا سەرە بلۆک و پڕۆفایلی بۆ ئەنجام نەدراوە تاوەکوو کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان بکرێت و سوودمەند بن لە وەرگرتنی ڕێپێدان.
2- پەرەپێدان بە کارگەی قیڕی سەرۆکایەتی شارەوانی، وە بەرهەمهێنانی زیاتری قیڕ بۆ فراوانکردنی کارەکانی چاککردنەوەی شەقامەکان.
3- بەدواداچوون بۆ ڕەوشی کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە و باشترکردنی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک.
4- چارەسەرکردنی کەندو ڕێڕەوەکانی ئاوی سروشتی و بەدواداچوون بۆ پردەکان.
5- ڕێکخستنەوەی شۆستەو شەقامەکان و لادانی زێدەڕۆییەکان.
6- ڕێگریکردن لە داگیرکردنی سەوزایی و دروستکردنی کۆشک لەناو باخچەی گەڕەکەکان.
7- ڕێکخستنەوەی هەموو ئەو کۆشکانەی لەسەر شەقامە گشتییەکان هەن.
8- بەردەوامی بایەخدان بە هەڵمەتەکانی نەمام چاندن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی.
9- لادانی تابلۆ و ڕیکلامی نایاسایی و گۆڕینیان بۆ زمانی شیرینی کوردی.
10- گرتنەبەری ڕێکارەکانی گرتنی سەگە بێلانەکان لە گەڕەک و شوێنە گشتی و پارکەکان وە گواستنەوەیان بۆ شەڵتەر.
11- چاودێریکردنی ئەو بارهەڵگرانەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی خانووبەرە دەگوازنەوە لەکاتی فڕێدان لە شوێنی قەدەغەکراو ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر هاوکاریی و خێرا ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیان کرایەوە.

