ڕیاز عەدای، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی “حیکمە” جەختی کردەوە کە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بڕیارە ئەمشەو بەڕێوەبچێت هێشتا لە وادەی خۆیدایە، پێشبینیشی کرد لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت یەکلا بکرێتەوە، هاوکات ناوێکی نوێ بۆ سیناریۆکان زیاد بووە.
عەدای بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: تەنها پێنج ڕۆژ لە وادە دەستوورییەکان ماوە بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی چوارچێوە، ئەمەش سەرکردەکانی خستووەتە بەردەم تەنگژەیەکی سیاسی و پاڵنەرە بۆ ئەوەی دۆسیەکە بە خێرایی یەکلا بکەنەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە پێڕەوی ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت هەر کاندیدێک دوو لەسەر سێی دەنگەکان یان کۆدەنگی سەرکردەکان بەدەستبهێنێت، دەبێتە کاندیدی فەرمی چوارچێوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
ئاماژەی بە سێ سیناریۆی سەرەکی کرد بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی ماڵی عەممار حەکیم:
١. کاندیدکردنەوەی سەرۆک وەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سوودانی.
٢. کاندیدکردنی باسم بەدری.
٣. کاندیدکردنی ئیحسان عەوادی وەک ناوێکی نوێ لە کێبڕکێیەکەدا.
لەلایەکی تریشەوە، سەرچاوەیەکی پەرلەمانی بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند کە سیناریۆیەک هەیە دەڵێت “هەر لایەنێک کاندیدی خۆی پێشکەش بکات و دواتر دەنگدان ئەنجام بدرێت؛ بە شێوەیەک نوری مالیکی ناوی باسم بەدری پێشکەش دەکات و سوودانیش ناوی ئیحسان عەوادی پێشکەش دەکات، هەر کەسێک دوو لەسەر سێی دەنگەکان بهێنێت دەبێتە کاندیدی کۆتایی.”
هەواڵی پێشوو

