مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی نیسان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، دەربارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە ڕاوێژی کرد.
پزیشکیان بە ئاماژەدان بە هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ گەمارۆی دەریایی، ئەم کارانەی بە ڕێگرێکی جیدی لەبەردەم هەر پرۆسەیەکی متمانەسازی و پێشخستنی دیپلۆماسیدا ناو برد. ئەو گوتی لە کاتێکدا پەیامی گفتوگۆ دەنێردرێت، توندکردنی گەمارۆی دەریایی فەزای پێویست بۆ متمانەی لایەنەکان تێک دەدات.
پزیشکیان جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێشخەری شەڕ نەبووە و نایەوێت نائەمنی لە ناوچەکەدا بڵاو ببێتەوە. ئەو گوتیشی بەردەوامیی کردەوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا لەگەڵ بانگەشەکانی ئەم وڵاتە بۆ چارەسەری سیاسی ناگونجێت و ئەمەش بێمتمانەیی لای گەلی ئێران و بەرپرسان زیاد کردووە.
ئەمریکا داوای ڕاگرتنی تەواوی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، سنووردارکردنی مەودای مووشەکەکان و گۆڕینی سیاسەتی ناوچەیی ئێران دەکات. بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، ئێستا لە ناو حکوومەت و دەسەڵاتی ئێراندا ململانێیەکی توند لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دانوستانەکان هەیە.
لە یەکەم دیداری نێوان جی دی ڤانس، جێگری ترەمپ و باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ٢٢ی خاکەلێوە لە ئیسلامئاباد، هیچ ڕێککەوتنێک بەدەست نەهات. ئەمریکا دەڵێت گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران لە چوارچێوەی “فشاری زۆرینە” دایە بۆ ئەوەی بە خێرایی بگەنە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.
هەواڵی پێشوو

