zagros news agency

مالیکی و سوودانی سوورن لەسەر خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی حکومەت

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کۆبوونەوە ناوخۆیییەکان لە نێوان نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سوودانی، سەبارەت بە کشانەوەیان لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران “سەرکەوتوو نەبوون” و هەر لایەکیان سوورە لەسەر مافی خۆی بۆ کاندیدبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرکردەیەک پێشبینی بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی دەکات.

سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: “هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت، مالیکی و سودانی، لە دیدارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکاندا گفتوگۆیان کردووە و پێشنیازیان بۆ یەکتری خستووەتە ڕوو بە مەبەستی کشانەوە و هێشتنەوەی پرۆسەی دەنگدان لەسەر کاندیدەکانی دیکە بۆ ناو چوارچێوەی هەماهەنگی”.

ئاماژەی بەوەش کردووە: “کۆبوونەوە فەرمی و لاوەکییەکان هەوڵ بوون بۆ لەیەکنزیککردنەوەی دیدگای هەردوولا، بەڵام بێسوود بوون؛ چونکە هیچ کامێکیان ئامادە نین بکشێنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ناوی کاندیدی نوێ بۆ لیستی کاندیدەکان زیاد کراوە”.

سەبارەت بەو کۆبوونەوانەی درەنگانی شەوی ڕابردوو لە نێوان هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام دران (کە گرنگترینیان لە کۆشکی حکومی و ئەوی دیکە لە ماڵی حەیدەر عەبادی بوو)، سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە: “بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تاوتوێی ناوی حەیدەر عەبادی وەک کاندیدی ڕێککەوتن (تسوئیە) یان ئیحسان عەوادی کراوە”.

ئەوەشی خستە ڕوو کە: “چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی نوێ ئەنجام بدات بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان و شکاندنی بنەمای (تەوافوق/ڕێککەوتنی گشتی)، ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات، ئەوا لە ناو خودی چوارچێوەکەوە ئۆپۆزسیۆن دژی حکومەتی داهاتوو دروست دەبێت”.

لە لایەکی دیکەوە، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە: “دۆسیەی یەکلاکردنەوەی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هێشتا ئاڵۆزە، و ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی عەبدولحوسێن موسەوی، ئەمینداری گشتیی حزبی فەزیلە بکرێت، ناگاتە هیچ ئەنجامێک”.

جەختیشی کردەوە کە: “هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێداگری و سووربوونی هەردوو کاندیدە سەرەکییەکە (سوودانی و مالیکی)، چونکە هەردوولا پێیان وایە مافی خۆیانە پۆستەکە وەربگرن، بۆیە کۆبوونەوەکە هیچ دەرەنجامێکی نابێت کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی، مەگەر یەکێکیان بۆ ئەوی تریان پاشەکشە بکات”.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە بەغدا باندێکی بازرگانی کردن بەمرۆڤ دەستگیرکران کە شەش کچی هەرزەکاریان لابووە

سەڵاح

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا 12 زیارەتکار کە لە عێراق بریندار بوون گواسترانەوە ئێران

سەڵاح

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: مالیکی وەک سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بڕیارەکانی سوودانی هەڵدەوەشێنێتەوە

سەڵاح