دۆسییەی هەڕەشەکانی سەر کۆنسێرتەکانی تایلۆر سویفت لە ڤییەنا لە ساڵی 2024 جارێکی دیکە بووەوە بە ڕۆژەڤی میدیاکان، ئەمەش دوای دەستپێکردنی دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکی “بێران ئا”.
لە دانیشتنی دادگادا، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا نا کە پلانی هێرشەکەی داڕشتووە و پەیوەندی بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە هەبووە. داواکاری گشتی ئاشکرای کرد کە لە کاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەدا، بۆمبێکی “نیمچە تەواوکراو” دۆزراوەتەوە، کە بڕیار بووە لە کاتی کۆنسێرتەکەدا بتەقێنرێتەوە، تێیدا زیاتر لە 195 هەزار کەس ئامادە دەبوون.
ئەم هێرشە کە بڕیار بوو کارەساتێکی گەورە بخوڵقێنێت، بەهۆی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئاژانسی (CIA) بەرپەرچ درایەوە و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سێ کۆنسێرتی گەورەی سویفت.
لە هەمان کاتدا، تایلۆر سویفت لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەسەر سەکۆی (Disney+) باسی لەو ترسە کرد کە لەو کاتەدا دایگرتبوو.
سویفت ئاماژەی بەوە کرد، دوای 20 ساڵ لە کارکردن، بۆ یەکەمجار هەستی بە ترسێکی ڕاستەقینە کردووە بۆ سەر ژیانی جەماوەرەکەی و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکانی بە “وێرانکەر” ناوبرد.
تۆمەتباران ڕووبەڕووی سزایەک دەبنەوە کە دەگاتە 20 ساڵ زیندانی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئەو هەزاران هەوادارەی کە ژیانیان لە مەترسیدا بوو.

