zagros news agency

نرخی نەوت ڕیکۆردێکی نوێی تۆمار کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بازاڕەکانی جیهان بە دۆخێکی نائاسایی و هەڵکشانی خێرای نرخی نەوت دەستیان بە کارکردن کردەوە، کە ئەمەش درێژکراوەی ئەو گرژییانەیە کە لە ناوچەی گەرووی هورمزدا دروست بووە و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئابووری جیهانی دروستکردووە.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 122.5 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا 111.05 دۆلار بوو، واتە بە ڕێژەیەکی بەرچاو و تەنها لە ماوەی یەک ڕۆژدا، نرخەکەی بە بڕی 11.45 دۆلار هەڵکشاوە.

​لە بەرامبەردا، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە هەمان ئاراستەدا ڕۆیشت و گەیشتە 108.6 دۆلار. ئەم نرخە بەراورد بە ڕۆژی چوارشەممە کە 99.64 دۆلار بوو، بە بڕی 8.96 دۆلار بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانەکە و بەردەوامی ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیەیە کە بازاڕەکانی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

​شیکارانی ئابووری پێیان وایە کە پەککەوتنی گواستنەوەی ئەو 20 ملیۆن بەرمیل نەوتەی کە ڕۆژانە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین، هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوە خێرایەن. بەردەوامی داخرانی ئەم ڕێڕەوە گرنگە وەک کارتێکی گوشار لە نێوان ئەمریکا و ئێران، وایکردووە بازاڕەکان لە ئاستێکی نائارامدا بمێننەوە و جیهان بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی ڕێککەوتنێکی نوێ بێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان.

​دوایین جار کە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتبووە ئەم ئاستە بەرزانە (سەروو 120 دۆلار)، دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری ساڵی 2022، ئەو کاتەی بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە، بازاڕەکانی وزە تووشی شۆکێکی گەورە بوون و نرخەکان بەشێوەیەکی خێرا هەڵکشانیان بەخۆوە بینی.

هەواڵی پەیوەندیدار

لیستی مووچەی مانگی نیسان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا

یاسین

زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی 10 گەیشت

یاسین

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ڕوونکردنەوەی دا

سەڵاح