پڕۆژەی ستراتیژیی “پشتێنەی سەوزایی” لە شاری هەولێر، کە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی ژینگە، قۆناغی یەکەمی بەرەو کۆتایی دەچێت. لە قۆناغی دووەمیشدا جگە لە زەیتوون، دارە فستقیش دەچێنرێن.
بەپێی زانیارییەکانی، پڕۆژەکە کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکراوە، لە هەشت قۆناغی سەرەکی پێکدێت. ئامانج لێی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و گۆڕینی سیمای پایتەختە بۆ شارێکی ژینگەدۆست.
لە زەیتوونەوە بۆ فستق
لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، زیاتر لە 500 هەزار نەمامی زەیتوون چێندراون. ئەم نەمامانە پۆلێن کراون بۆ دوو جۆری سەرەکی: زەیتوونی خواردن و زەیتوونی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیت.
بەڵام ئەوەی لە قۆناغی دووەمدا وەک سوپرایزێکی ئابووری و ژینگەیی دەبینرێت، بڕیاری چاندنی نەمامی “فستق”ە. بەم هەنگاوەش هەولێر جگە لە لایەنە ژینگەییەکە، دەچێتە سەر نەخشەی ناوچە بەرهەمهێنەرە گرنگەکانی فستق لەسەر ئاستی ناوچەکە.
گرنگیی پڕۆژەکە:
ژینگەیی: دەبێتە گەورەترین “سییەی سروشتی” بۆ هەولێر و پارێزەری شارەکە دەبێت لە تۆز و خۆڵ.
ئابووری: سەرچاوەیەکی نوێی داهات دەبێت لە ڕێگەی بەرهەمی زەیتوون و فستق.
سیمای شارستانی: سیمایەکی جوان و مۆدێرن بە دەوروبەری پایتەخت دەبەخشێت.
ئەم پڕۆژەیە کە خەونێکی دێرینی دانیشتووانی هەولێرە، ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم لە کۆتاییدان، بەمەش هەولێر هەنگاوێکی گەورە بەرەو سەوزترکردنی ژینگەکەی دەنێت.

