zagros news agency

ئاستی یەدەگی گازی ئەوروپا بۆ نزمترین ئاستی پێنج ساڵی ڕابردوو دادەبەزێت

 

بەپێی نوێترین داتاکانی ڕابیتەی بەڕێوەبەرانی ژێرخانی گاز لە ئەوروپا، ئاستی پڕبوونی کۆگاکانی گازی سروشتی لە ژێر زەویدا لە کیشوەری ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بە جۆرێک لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا بۆ 32.73% دابەزیوە.
ئەم ئامارە نوێیە نزمترین ئاستی یەدەگی گازی ئەوروپایە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بەراوردکارییەکان نیشانی دەدەن کە دابەزینەکە زۆر توندە، چونکە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕێژەکە 39.52% بووە، و لە ساڵانی 2024 و 2023دا زۆر لەوە بەرزتر بووە و گەیشتبووە 62.44% و 59.73%. تەنها لە ساڵی 2022دا، کە هاوکات بوو لەگەڵ لووتکەی قەیرانی وزە بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ڕێژەکە لەم ئاستەی ئێستا نزیک بووەوە و 33.47% بوو.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای “گازپرۆم”ی ڕووسی هۆشدارییەکی توندی داوە و ڕایگەیاندووە کە کەمیی ئاستی کۆگاکردن، کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر توانای وڵاتانی ئەوروپا بۆ دووبارە پڕکردنەوەی کۆگاکانیان و خۆئامادەکردن بۆ وەرزی زستانی داهاتوو. ئەمەش مەترسی بەردەوامی ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی وزەی کیشوەرەکە زیاتر دەکات.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا هێشتا بەردەوامن لە بەکارهێنان و ڕاکێشانی گاز لە کۆگاکانیان، ئەمەش بە پێچەوانەی نەریتی ساڵانەیە کە دەبێت لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بەهاردا پرۆسەی پڕکردنەوە و دابینکردنی غاز دەستپێبکات، ئەم دۆخەیش ئاسایشی وزەی ئەوروپا لە ماوەی داهاتوودا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە

هەواڵی پەیوەندیدار

تەقەکەرەکەی کۆشکی سپی دەبرێتە بەردەم دادگا

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینى تۆمارکرد

سەڵاح

سەرۆک‌کۆماری ئێران: چەکی ئەتومی بەرهەم ناهێنێن

سەڵاح