دڵ بە نزیكەیی لە رۆژێكدا 100 هەزار جار لێدەدات، لە گرنگترین ئەندامەكانی لەشە و ژیانی پێوە بەندە، هەربۆیە پارێزگاریكردن لێی پێویستترین كارە، چەند خویەك هەیە كە رۆژانە دەیانكەیت و رەنگە بێ ئاگابیت لەوەی زیان بە دڵ دەگەیەنن، ماڵپەڕی Times Now ئە و چەند خوەی بڵاوكردوەتەوە.
1. دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر
سوڕی خوێن خاو دەكاتەوە، چەوری سیانی و كۆلیسترۆڵی خراپ بەرز دەكاتەوە و تەنانەت ئەگەر رۆژانەش وەرزش بكەیت، دانیشتن بۆ ماوەی 8 كاتژمێر لەسەر یەك زیانی هەیە، دڵ پێویستی بە جوڵە هەیە بە بەردەوامی، نەك ماوەیەكی كەم لە رۆژێكدا، پێویستە هەمو 45 بۆ 60 خولەكێك پشو وەربگریت و 5 خولەك پیاسە بكەیت.
2. زۆر خەوتن یان كەم خەوتن
خەوتن كەمتر لە شەش كاتژمێر و زیاتر لە نۆ كاتژمێر، مەترسی نەخۆشی كۆئەندامی دەمار زیاد دەكات، هەربۆیە باشترین ماوەی خەوتن 7 بۆ 8 كاتژمێرە لە رۆژێكدا.
3. پشتگوێخستنی فشاری درێژخایەن
فشاری دەرونی تەنها دۆخێكی دەرونی نییە، كاریگەریی لەسەر تەواوی جەستە هەیە، لێدانی دڵ ناڕێك دەكات و فشاری خوێت بەرز دەكاتەوە، تەنانەت مەترسی جەڵتەی دڵ و مێشك زیاددەكات.
4. زۆر خواردنی خوێی شاراوە
رەنگە تۆ پێتوابێت خوێی كەم بەكاردەهێنیت بۆ خواردنەكانت، بەڵام هەندێك جۆری خۆراك هەیە كە خوێی زۆری تێدایە بێ ئەوەی ئاگاداربیت، وەكو نان، سۆس، گۆشتی ئامادەكراو یان ژەمە ئامادەكراوەكان. پێویستە ئەو خوێیەی رۆژانە دەیخۆیت لە 2،300 ملیگرام زیاتر نەبێت.
5. نەخواردنەوەی ئاو
كاتێك ئاو بە بڕی پێویست ناخۆیتەوە، دڵ پێویستە زیاتر كاربكات بۆ ناردنی خوێن، ئەمەش فشارێكی زیاترە لەسەر دڵ.
6. درەنگ خواردنی شەوان
درەنگ خواردنی شەوان هۆكارە بۆ بەرزبونەوەی فشاری خوێن، دڵ پێویستی بە پشو هەیە شەوانە، بەڵام كاتێك ژەمێكی قورس دەخۆیت، شەكری خوێن بەرز دەبێتەوە و فشاری زیاتر لەسەر دڵ دروستدەبێت.
7. پشتگوێخستنی سەردانی دكتۆر
زۆركەس بۆ پشكنینی ساڵانە سەردانی پزیشك ناكەن تا ئەوكاتەی هەست بە ئازار دەكەن، كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە نیشانەكانی نەخۆشی دڵ هەندێك كات هەست پێناكرێن، هەربۆیە ساڵانە پشكنین پێویستە.

