مەکسیک کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی ئێجگار گەورە بەخۆیەوە بینی، نێزیکەی 50,000 کەس لە بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی نیشتمانی کۆبوونەوە بۆ ئەوەی چاویان بە ئەندامانی گرووپی کۆریی ناسراو BTS بکەوێت.
ئەم گردبوونەوە گەورەیە دوای ئەوە هات، ئەندامانی گرووپەکە چاویان بە کلۆدیا شینباوم پاردۆ، سەرۆکی مەکسیک کەوت.
هەوادارانی گرووپەکە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانییەوە لە دەوروبەری کۆشکەکە مابوونەوە و بەردەوام چاوەڕێی ساتەوەختی دەرکەوتنی ئەستێرە دڵخوازەکانیان بوون.
ئەندامانی BTS دوای کۆبوونەوەکە لە هەیوان و پەنجەرەکانی کۆشکی سەرۆکایەتییەوە دەرکەوتن و دەستیان بۆ جەماوەرە خروشاوەکە ڕاوەشاند، ئەمەش کاردانەوە و هاواری خۆشیی زۆری لێکەوتەوە.
گرووپی BTS تەنیا گرووپێکی ئاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لە دیارترین گروپەکانی کەی-پۆپ لە جیهاندا، لە ساڵی 2013 دەستیان بە چالاکی کردووە و توانیویانە لە ڕێگەی گۆرانییەکانیانەوە ناوبانگێکی بێوێنە پەیدا بکەن.
ئەم گرووپە بەردەوام کار لەسەر بابەتەکانی متمانەبەخۆبوون و تەندروستی دەروونی دەکەن، ئەمەش وایکردووە بنکەیەکی جەماوەریی گەورەیان هەبێت کە بە “ARMY” دەناسرێن.
گرووپەکە بەرهەمی زۆر ناوداریان هەیە وەک ئەلبوومی “Arirang” و گۆرانی “Swim”، کە ریکۆردی جیهانییان لە “Billboard” تۆمار کردووە.
نوێنەرایەتی مەکسیک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەم جۆرە پێشوازییە نیشانەی کاریگەریی گەورەی فەرهەنگی کۆریای باشوورە لە وڵاتەکەیاندا و بەردەوام هەوڵ دەدەن پەیوەندییە فەرهەنگییەکانیان پەرەپێبدەن. هەر ئێستا ئەم گرووپە وەک باڵیۆزێکی فەرهەنگی جیهانی دەردەکەون کە تەنیا لە بواری میوزیکدا نامێننەوە و پەیامی مرۆیی گرنگ دەگەیەنن.

