وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلانی چاکسازی و خێرا راییکردنی مامەڵەکان، دەسەڵاتی دادنووسی بە چوار فەرمانبەری وەزارەتەکە بەخشی و وەزیری دادیش ڕایگەیاند: “نابێت لەسەر داوای هیچ کەسێک کارێکی پێچەوانەی یاسا ئەنجام بدرێت.”
رۆژی چوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، چوار فەرمانبەری نوێ سوێندی یاساییان خوارد بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی دادنووسی.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو فەرمانبەرانە لەمەودوا لە تەنیشت کارەکانی پێشتریان، دەسەڵاتی دادنووسییان دەبێت لەم فەرمانگانەی خوارەوە:
پرژان سەلام ئەحمەد (فەرمانگەی دادنووسی دهۆک)
رووناک ئەحمەد محەمەد (فەرمانگەی دادنووسی دووەمی سلێمانی)
سیڤان زوهێر یاسین (فەرمانگەی دادنووسی ئێوارانی دهۆک)
چەکڤان محەمەد ئەحمەد (فەرمانگەی دادنووسی دهۆک)
لە گوتەیەکدا، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد ئاڕاستەی فەرمانبەرە نوێیەکانی کرد و ڕایگەیاند: “پێویستە بە وریاییەوە بڕگە بە بڕگەی یاسای دادنووسی جێبەجێ بکەن و لە چوارچێوەی یاسادا هاوکاری هاووڵاتییان بن.”
وەزیری داد جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت ڕێزی تەواو لە هاووڵاتییان بگیرێت بەبێ جیاوازی و گوتیشی: “نابێت لەژێر گوشار یان داواکاری هیچ کەسێکی فەرمی و نافەرمی، کارێک بکەن کە دژی یاسا بێت، دەبێت تەنیا ڕێنماییەکان بنەمای کارەکانتان بن.”
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی داد لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە فەرمانگە دادوەرییەکاندا.

