شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیێنێت، لە سبەی یەکشەممەوە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە دەگەنە نزیکەی 40 پلەی سەدی، هاوکات هۆشداریی لە دروستبوونی هەورەبرووسکەی “وشک” و کەوتنەوەی ئاگر دەدات.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ڕایگەیاند: “بەهۆی لاوازبوونی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆ و چالاکبوونی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور، لە سبەی یەکشەممەوە (10-5-2024) پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوەیەکی زیاتر دەکەن.”
بەگوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، لە ڕۆژی دووشەممەوە کاریگەریی ئەو بارستە هەوا گەرمە زیاتر دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما دەچنە سەروو 30 پلەی سەدی، بەڵام لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان گەرماکە توندتر دەبێت و پلەی گەرمی نزیک دەبێتەوە لە 40 پلەی سەدی، کە ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی کەشی گەرمی هاوینەیی دێت.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوەڕاستی هەفتە، ئاراس جەبار ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ چینە بەرزەکانی بەرگەهەوا، دۆخێکی ناجێگیر دروست دەبێت. لەو ماوەیەدا ئەگەری چالاکبوونی “هەورەبرووسکەی وشک” هەیە، کە تێیدا تەنیا برووسکە دەبێت و بارانی لەگەڵ نابێت، یان تەنیا نمەبارانێکی کەم دەبارێت.
ئەو کەشناسە هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە برووسکانە لەم کاتەدا مەترسیدارن و دەڵێت: “بەهۆی ئەوەی گژوگیا زەرد بووە، بەرکەوتنی ئەو برووسکانە مەترسیی گەورەی کەوتنەوەی ئاگر دروست دەکات.”
لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلەش، ئاراس جەبار دەڵێت، کاریگەریی ئەم بارستە هەوا گەرمە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە.

