پەرلەمانی ئێران بۆ یەکەم جار لە دوای دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکایی و ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو وڵاتە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گوڵان کۆ دەبێتەوە.
عەباس گودەرزی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ڕایگەیاند ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕێگەی “وێبینار”ـەوە (ڤیدیۆ کۆنفرانس) ئەنجام دەدرێت.
دوایین کۆبوونەوەی ئاشکرای پەرلەمانی ئێران ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بەڕێوە چووبوو و کۆبوونەوە نوێیەکە دوای ٨٢ ڕۆژ دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پەرلەمان، تەوەرەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتین لە “ئاڵۆزییەکانی بازاڕ، نیگەرانییەکانی خەڵک و گرانییەکانی ئەمدواییە”.
پەرلەمانی ئێران لە دوایین کۆبوونەوەیدا پرسی هەموارکردنەوەی لایەحەی بودجەی ساڵی ١٤٠٥ی تاوتوێ کردبوو. هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش بۆ “پرسە ئەمنییەکان” گەڕێندراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەست لە شەڕی ئەمریکایی و ئیسرائیلی بەرانبەر ئێران، سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی حکوومەت هەندێک کۆبوونەوەیان بە شێوەی ڕووبەڕوو ئەنجام داوە؛ لەوانە دیداری مەسعوود پزیشکیان لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و کانزاکان.

