zagros news agency

پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی بۆردومانی ئۆردوگای زێوە

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

لە 9ی حوزەیرانی 1985ـدا ڕژێمی پێشووی عێراق تاوانێكی گەورەی لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دا. لەو ڕۆژەدا، فڕۆكەكانی ڕژێم بە شێوەیەكی دڕندانە ئۆردوگای پەنابەرانی زێوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان بۆردومان كرد و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە نامرۆڤانەیەدا سەدان ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

كارەساتی زێوە لاپەڕەیەكی خوێناویی ترە لە كارنامەی ڕەشی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئەو ڕۆژە یەكێك بوو لە خەمناكترین ڕۆژەكانی ژیانم. ناڵە و شیوەنی دایكان و جەستەی سووتاو و لەتلەتكراوی شەهیدان و بریندارانی زێوە دڵ و دەروونی هەر خاوەن‌ویژدانێكی دەهەژاند.

ئامانجی ڕژێم لە تاوانی كۆمەڵكوژیی زێوە و تاوانەكانی تردا، شكاندنی ئیرادەی پەنابەران، پێشمەرگە و خەباتگێڕانی كوردستان بوو. بەڵام ئەو تاوانانە ئیرادەی پێشمەرگە و ڕۆڵەكانی گەلی كوردستانی بۆ درێژەدان بە خەباتی دژی ستەمكاران و دەستەڵاتدارانی ئەو كاتی عێراق مكوڕتر و بەهێزتر كرد. لە ئەنجامی ئەو قوربانیدان و تێكۆشان و خەباتەدا، چارەنووسی زاڵمان و تاوانكاران سەرشۆڕی و شكست بوو، و سەربەرزی و سەركەوتنیش بۆ گەلی كوردستان مایەوە.

لە چل و یەكەمین ساڵیادی كارەساتی زێوەدا، سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدانی زێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی

9ی حوزەیرانی 2026

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لەسەر رێگەی بەیروت-دیمەشق بۆردومان کرد و قوربانی لێکەوتەوە

سەڵاح

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی له‌ ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق دەکات

سەڵاح

لە ماوەی شەش مانگدا سەدان پێشلکراویی مافی مرۆڤ کراون

سەڵاح