بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بڕیاریداوە زنجیرەیەک ڕێکار و هەنگاوی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بگرێتە بەر. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و ئەو گرووپانە لە ناوچەکەدا پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی واشنتن پلانێکی نوێی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە داڕشتووە کە لە عێراق چالاکن و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، “بڕیاردراوە هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ سنووردارکردنی توانای ئەو گرووپانە”، بەڵام ئاماژەی بە وردەکاری و جۆری ڕێکارەکان نەکردووە، کە ئایا سزای ئابووری دەبن یان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنووردار.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا زیادیان کردووە. واشنتن بەردەوام ئەو گرووپانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن.
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم بڕیارە نوێیەی واشنتن نەداوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم هەنگاوە دەبێتە فشارێکی زیاتر بۆ سەر حکومەتی بەغدا تاوەکو کۆنترۆڵی زیاتری گرووپە چەکدارەکان بکات و ڕێگری بکات لە تێوەگلانی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکاندا

